University of Raparin Logo

بەشی جوگرافیا

كورته‌یه‌ك له‌مێژووی به‌شی جوگرافیا

به‌شی جوگرافیا سه‌ر به‌ كۆلێژی زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كانه‌. بۆ یه‌كه‌م جار له‌ساڵێ خوێندنی( ٢٠٠٤ ـــ ٢٠٠٥) كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌و كات سه‌ر به‌زانكۆی كۆیه‌ بووه‌، دواتر له‌ڕێكه‌وتی (٢٠١٠/٣/٥) خرایه‌ سه‌ر زانكۆی ڕاپه‌ڕین. ژماره‌ی خوێندكارانی به‌شی جوگرافیا له‌ئێستادا (بۆساڵی خوێندنی( ٢٠١٦-٢٠١٧) ( ٢٩٦) خوێندكاره. بۆیه‌كه‌م جار له‌ساڵی خوێندنی (٢٠١٤- ٢٠١٥) خوێندنی باڵا (ماسته‌ر) له‌به‌شی جوگرافیادا كرایه‌وه‌، وه‌ك ده‌ستپێك ( ١٣ ) خوێندكار وه‌رگیران. ژماره‌ی ستافی وانه‌بێژو كارگێڕی به‌شی جوگرافی ( ٢٥ ) كه‌سه‌، ئه‌م ژماره‌یه‌ خاوه‌نی هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی جیاوازن، كه‌ ( ٥ ) كه‌سیان هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆران، ( ٣ ) خوێنکاری دكتۆران، ( ٢ )كه‌سیان كاندیدی دكتۆران ( ٣ ) مامۆستا( ٣ ) هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌رن، ( ٧ ) خوێنكاری ماسته‌رن، سێ فه‌رمانبه‌ری توێژه‌ریش. كه‌ یه‌كێكیان خوێندكاری ماسته‌ره‌ و دووه‌كه‌ی تریان كاندیدی ماسته‌رن.

 ئامانجی به‌ش
ئامانجی به‌شه‌كه‌مان هه‌ماهه‌نگی وبه‌شدارپێكردنی زانستی جوگرافیایه‌ له‌ كارو چالاكی و پلاندانایی ناوچه‌یی وهه‌رێمی، هه‌روه‌ك دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ چاره‌ی گونجاوه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و دیارده‌ سروشتی و مرۆییانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو، كه‌ بێگومان جوگرافیا وه‌ك زانست وجوگرافیناس وه‌ك كاراكته‌رێك ده‌توانێ ڕۆلی ئه‌رێنی بگیڕێت له‌ته‌واوكاری ئابوری و سیاسی وگه‌یشتن به‌ گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵگای مرۆیی و به‌خشینی هێز به‌ وڵات.

 ديدی به‌ش
به‌شی جوگرافیا ده‌یه‌وێت باشترین خوێندن به‌ به‌رزترین كوالێتی پێشكه‌ش به‌ خوێندكاران بكات له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاست به‌رز و كاریگه‌ر له‌سه‌رئاستی ناوخۆی و نێوده‌وڵه‌تی.

 په‌یامى به‌ش
جوگرافیا ته‌نیا بایه‌خ به‌كێشه‌كانی ژینگه‌ی سروشتی نادات، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌و بواره‌ لێكۆڵێنه‌وه‌ فراوانه‌ی هه‌یه‌تی ده‌چێته‌ ناو ورده‌كاریه‌كانی زۆربه‌ی كێشه‌ ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕامیاریه‌كان، جا چ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمیبن یان نێوده‌وڵه‌تی بن.
خوێنكار له‌به‌شه‌كه‌ماندا له‌ڕێگه‌ی ئه‌و وانانه‌ی كه‌ده‌یخوێنێت ئاماده‌ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ توێژه‌رێكی چالاك له‌بواره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسی و ژینگه‌یی.
ئه‌م به‌شه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروست بوونیه‌وه‌ هه‌وڵی داوه‌ تێكه‌ڵ به‌ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا ببێت و چاره‌سه‌ری گونجاو زانستیانه‌یان بۆ بدۆزێته‌وه له‌ڕێگه‌ی پێگه‌یاندنی كادیری ئه‌كادیمی و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاست به‌رز، ئێمه‌ له‌جیهانێكدا ده‌ژین كه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستیه‌كانمان به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر پشت به‌ژینگه‌ی سروشتی ده‌به‌ستین، به‌ڵام ئه‌م ژینگه‌یه‌ دووچاری چه‌ندین كێشه‌و گیرگرفت بۆته‌وه‌، وه‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م گرفتانه‌ش پێویستی به‌شیكاری ئاڵۆزو ورد هه‌یه‌، ئه‌م شیكاریانه‌ش له‌بواره‌كانی لێكۆڵێنه‌وه‌ جوگرافیه‌كانن.

ه بواری كاركردنی ده‌رچووان: كه‌رتی گشتی + كه‌رتی تایبه‌ت
ده‌رچوانی به‌شی جوگرافیا ده‌توانن له‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كانی كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت كاربكه‌ن. له‌ كه‌رتی گشتیدا ده‌توانن وه‌ك توێژه‌ری جوگرافی له‌ دام و ده‌زگا میریه‌كاندا كاربكه‌ن، هه‌روه‌ها به‌شی هه‌ره‌زۆری ده‌رچوانی به‌شه‌كه‌مان وه‌ك مامۆستا له‌ خوێندنگا بنه‌ره‌تی و ئاماده‌ییه‌كاندا وه‌ك مامۆستا كارده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كاركردن وه‌ك فه‌رمانبه‌ر له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی وه‌ك گه‌شت و گوزار و شاره‌وانی و ئاودێری و ده‌سته‌ی ژینگه‌ و ئامار.
له‌كه‌رتی تایبه‌تدا بواری كاركردن زۆر به‌رفراوان هه‌یه‌ بۆ ده‌رچوانی به‌شه‌كه‌مان له‌وانه‌ كاركردن له‌ رێكخراوه‌ ژینگه‌ییه‌كان، كۆمپانیاكانی نه‌وت و كارگه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی دروستكردنی كه‌ره‌سته‌ی بیناسازی و هتد.
ئه‌وه‌ی به‌شی جوگرافیا له‌به‌شه‌كانی تر جیا ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و بواره‌ فراوانه‌یه‌ كه‌ هه‌یه‌تی بۆ توێژینه‌وه‌ هه‌م له‌لایه‌نی پراكتیكیه‌وه‌ هه‌م له‌ لایه‌نه‌ تیۆریه‌كه‌یه‌وه‌